Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن- AA
سەرکۆماری گواتیمالا، جیمی مۆرالێس ئاشکرای کرد فەرمانی کردووە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بگوازرێتەوە.
جیمی مۆرالێس کە لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک روونکردنەوەی داوە، ئاماژەی بەوەکردووە دوای ئەوەی دوێنێ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە، فەرمانی ئەوەی دەرکردووە کە باڵیۆزخانەی گواتیمالا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بگوازرێتەوە.
جیمی مۆرالێس هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە وادەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بڵاونەکردووەتەوە و تەنها رایگەیاندووە کە فەرمانی گواستنەوەی داوە.
ئەم بڕیارەی گواتیمالا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەمریکای ناوەڕاست کە لە رووی ئابوورییەوە تا رادەیەکی زۆر بەندە بە هاوکارییەکانی ئەمریکاوە، لەدوای بڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دێت کە تیایدا سەرەڕای هەڕەشەکانی واشنتۆن، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس، بە پووچەڵ دانرا و رەتکرایەوە.
بە ھەوڵەکانی تورکیا کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژە بڕیارێک لە ژێرناونیشانی "چالاکییەکانی ئیسرائیل لە قودسی رۆژھەڵات و خاکەکانی فەڵەستینی ژێرداگیرکاریی" کە بڕیارەکەی ترەمپ رەتدەکاتەوە لەبارەی پێگەی قودس، دانیشتنێکی تایبەتی ساز کرا.
لە دانیشتنەکە سەرەڕای گشت رەخنەکانی ئەمریکا پرۆژە بڕیارەکە بە ١٢٨ دەنگ بەرامبەر بە ٩ دەنگ پەسەند کرا و ٣٥ وڵاتیش دەنگی راڕایان بەکارھێنا.
لە پرۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە بە ١٠ بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٦٧ تاکو ٢٠١٦ کراوە و جەختیش لەسەر بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی راگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس کراوەتەوە.
لە پرۆژە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەبارەی پێگەی قودس، نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە.
ھەر لە پرۆژە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیەنراوە کە پێویستە لە رووی ئایینی و کولتوورییەوە پارێزگاری لە پێگەی قودس بکرێت و جەختیش لەوەش کراوەتەوە کە پێگەی قودس بابەتێکە کە پێویستە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێت.
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.