Zana Natık Kerem
20 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھادی عامری لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگی تایبەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی لە عێراق.
دوێنێ دووشەممە ١٩ی ئەیلوول سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافل جەلال تاڵەبانی سەردانی پیرمام-ی کرد و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبووە.
دوای کۆبوونەوەکەیش بافڵ جەلال تاڵەبانی گەیشتە بەغدا.
لەگەڵ ئەوەی ١٠ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.