Abdullah Shukur,Mazın Asad
02 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
فەرماندەیی ھێزەکانی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە دژی داعش، لە مانگی ئابی ٢٠١٤وە تاکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق و سووریا ٤٨٤ سڤیلی بە ھەڵە کوشتووە.
فەرماندەیی ھێزەکانی ناوەندی ئەمریکا، راپۆرتی مانگی نیسانی لەبارەی ئاماری زیانی گیانی خەڵکی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە دژی داعش بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەوەتەی دەستپێکی بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤، نزیکەی ٤٨٤ کەسی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ھەڵە بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە.
لە راپۆرتەکەدا زیاتر ئاماژە بەوە کراوە کە لەو ماوەیەدا ٢١ ھەزار و ٣٥ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە عێراق و سووریا ئەنجامدراوە و بەم ھۆیەوەش ٤٤٠ زانیاری لەبارەی زیانی کەسی سڤیل وەرگیراوە و لەمانەش تەنھا ١١٨ یان متمانە پێکرا بوونە.
راشگەیەنرا کە ٤٨٤ کەسی سڤیل بە ھەڵە کوژران. لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە مانگی پێشوو بە ٣٩٦ کەس ھەژمار کرابوو.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لێکۆڵینەوە لەسەر ٤٧ زانیاری لەسەر زیانی خەڵکی سڤیل لە مانگەکانی پێشوو کراوە و لە ناوەندی مانگی نیسانیش ٤٣ ھەواڵ لەبارەی زیانی گیانی لە ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق و سووریا وەرگیراوە.
راشگەیەنرا کە لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی ٤٧ ھێرشی ئاسمانی، ١٧یان بێ بنەما دەرچوون و ١٦ ھەواڵیش متمانەپێکراو بوون. لە کۆی گشتی ئەم ١٦ زانیارییەش ١٣٢ سڤیل گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خرایەڕوو کە لێکۆڵینەوە لەسەر ٣٨ زانیاری لەبارەی زیانی گیانی خەڵکی سڤیل بەردەوامە.
-بەگوێرەی سەرچاوە بێلایەنەکان، ژمارەی قوربانیان لە سێ ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی زیاترە
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و رێکخراوانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لە نزیکەوە چاودێری ھێرشە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانان دەکەن، لە عێراق و سووریا ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتی مەدەنی بەھۆی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش کوژراون.
ماڵپەری Airwars کە لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە چاودێری ھێرشە ئاسمانییەکانی سووریا و عێراق دەکات بڵاوی کردووەتەوە کە لە وەتەی دەستپێکردنی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھاوپەیمانان، زیاتر لە سێ ھەزار و ١٠٠ ھاووڵاتی مەدەنی لە عێراق و سووریا کوژراون.
ئەو ماڵپەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای گۆڕینی شێوازی مۆڵەتی ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا، ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیل رووی لە زیادبوون کردووە.
ھاوکات راشیگەیاند کە بێجگە لەو قوربانییانە پێدەچێت ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ھۆکار بێت لە کوژرانی دوو ھەزار و ٧٠٠ ھاووڵاتی مەدەنی.