Zana Natık Kerem
13 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2024
ھەولێر ــ AA
ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری کۆبوونەوەکەی ١٠ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێل ڕەشید لە بەغدا بە نایاسایی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند: "کەرکووک عێراقێکی بچووکراوەیە و حکومڕانی تیایدا ناکرێت و بەردەوام نابێت، ئەگەر بە ڕێککەوتن، ھاوسەنگی و بەشداری پێکھاتە سەرەکییەکان نەبێت، بەتایبەتیش تورکمان".
ھۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس نووسیوویەتی: " ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھۆتێل ڕەشید لە بەغدا ڕوویدا و ئەوەی پێکھاتەی سووننەی عەرەبی لە سیادە و تەقەدوم چوونە پاڵ ھاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بابلیۆن، کارێک بووە لە شەودا کراوە و نا یاساییە".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا ڕوویدا، سەرکەوتوو نابێت، چونکە کەرکووک عێراقێکی بچووکراوەیە و حکومڕانی تیایدا ناکرێت و بەردەوام نابێت، ئەگەر بە ڕێککەوتن، ھاوسەنگی و بەشداریی پێکھاتە سەرەکییەکان نەبێت، بەتایبەتیش تورکمان".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە: "ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھۆتێل ڕەشید ڕوویدا، ئەوە بوو کە دوو ئەندام چوونە پاڵ ھاوپەیمانێتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بابلیۆن، ئەوەش لە پێناو بڕێک دۆلاری پيسدا!! لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی کەرکووکییەکان و سەقامگیری و پێشکەوتنی پارێزگاکە".
شەوی ١٠ی ئەم مانگە، بەبێ بەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و ئەندامانی ھاوپەیمانی عەرەبی، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھوتێلی ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو کە لە میانیدا پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ھەڵبژێردران.
لە دانیشتنەکەدا، ھەریەک لە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، ڕێبوار تەھا بە پارێزگار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی "قیادە"، محەمەد ئیبراھیم حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراکسیۆنی بابلیۆن (کۆتای مەسیحی)، ئەنجیل زیا شیبا بە بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەڵبژێردران.
دوێنی دووشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو: دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک لە ١٠ی ئەم مانگەدا لە ھوتێل ڕەشید لە بەغدا، بەبێی ئاگادارکردنەوەی ھەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نییە و گرفتی ھەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نییە. پێمانوایە ئەوەی کراوە ناتوانێت ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک. چارەسەرکردن و نەھێشتنی کێشەکانی ئەو شارە و سارێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناکرێن. چارەسەر ئەوەیە تاکڕەویی نەکرێت و ھەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و ھەموو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشدار بن".