Hemn Baban
16 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2015
سەركردەی هێزی بەدر لە خورماتوو محەممەد مەهدی بەیاتی دەڵێت لێژنەیەكی پێنج لایەنی بۆ چارەسەری كێشەكانی ئایندە دروست كراوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی عەدنان حەمەی مینا و قایمقامی خورماتوو و ژمارەیەك لە بەرپرسانی مەڵبەندی یەكێتی لە شارەكە سەردانی بارەگای رێكخراوی بەدرییان لە خورماتوو كرد و لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی حەشدی شەعبی كۆبوونەوە و گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ كۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەكی چەند رۆژی رابردووی قەزاكە كە نزیكەی 20 كوژراوی لێ كەوتەوە لەنێوان كورد و توركمانی شارەكە بە هاووڵاتی و چەكدارەوە لە پێشمەرگە و ئاسایش و حەشدی شەعبی.
كۆبوونەوەكەی ئەو دوو هێزانە پاش گرژییەكانی هەفتەی رابردوو دێت كە بەهۆی دەمەقاڵێ و لێكتێنەگەیشتنی نێوان هێزێكی حەشدی شەعبی و پاسەوانانی زاڵگەی دوزخورماتوو چەند كەسێك كوژران و دواتریش بۆ نێو شەقام گواسترایەوە و چەندین شەهیدی دیكەی لێ كەوتەوە و شارەكە ببووە دوو بەرە و گەڕەكەكانی لەیەكتر دابڕان لەنێوان گەڕەكە توركمانشینەكان و كوردنشینەكان و ئەوەش بارودۆخێكی ئاڵۆزی لە شارەكە دروست كرد و بە سەرەتای دروستبوونی شەڕێكی نێوخۆی لەنێوان كورد و شیعە هەژماركرا، چەند رۆژی رابردوو نوێنەری ئێرانیش لایەنەكانی لە شارەكە كۆكردەوە، بەڵام دواتر گرژییەكان دەستیان پێكردەوە.
لە خورماتوو و دەوروبەری نزیكەی 10 گرووپی چەكداری شیعەكان هەن كە بۆ شەڕكردن لە دژی داعش و پاراستنی ناوچە توركمانییەكانی ئەو ناوچەیە لە ساڵی پارەوە لەوێ جێگیر كراون و چەندین جار بوونەتە هۆی كێشە دروستكردن بۆ دانیشتوانی كوردی ناوچەكە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نێو بارەگای رێكخراوی بەدر بەرپرسی لیوای توركمان لە حەشدی شەعبی یەڵماز نەجاڕ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن رایگەیاند کە لە ستەمی دیكتاتۆری پێشوو لەگەڵ کورد هاوبەش بوون وەكو چۆن لە كێشانی نەخشەی سیاسی وابوون، گوتیشی پێكەوە دەبن تا كۆتایی و شەڕی داعشیان پێكەوە كردووە و تا كۆتایی رێگە بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی یەكێتی و پێكەوەژیانیان.
ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی دواتر ئەو حەوت خاڵەی خستەڕوو كە هەردوو لا لە رێككەوتنەكەیاندا پێیگەیشتبوون و گوتی: "سەركردایەتیی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و ئیدارەی خۆجێی شارەكە كۆبووینەوە و گەیشتینە چەند خاڵێك ئەوانیش بریتیین لە یەكەم هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش لە هێزەكانی ئاسایشی پەیوەندیدار بۆ گێڕانەوەی ئاسایش بۆ شارەكە، پێكهێنانی لێژنەیەكی بەرفراوانی خاوەن دەسەڵات كە رۆژانە كۆ ببێتەوە بۆ دیاریكردنی كێشەكان و چارەسەركردنییان، هەروەها پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ دیاریكردنی زیانەكان لە خانوو و ماڵ و دوكان بۆ قەرەبووكردنەوەیان هاوكات قەرەبووكردنەوەی بنەماڵەی شەهید و بریندارەكان، لەگەڵ ئازادكردنی دیلەكان، لەگەڵ ئەوانەشدا لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆخەی روویدا و دیاریكردنی كەمتەرخەمەكان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە دژیان، كاركردن بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ شوێنی خۆیان و سزادانی ئەوانەی كار لەسەر شێواندنی پێكەوەژیانی دانیشتوانی شارەكە دەكەن، كاركردن بۆ رێكخستنەوەی یەكە سەربازی و ئەمنییەكان لە شارەكە و دەوروبەری بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی بارودۆخەكە و گێڕانەوەی بارودۆخەكە بۆ دۆخی جارانی".
نەجاڕ سوپاسی عەمار حەكیم و موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی و هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندس و د.بەرهەم ساڵح و چەندین كەسایەتی كرد كە بوونە هۆی گەیشتن بەو رێككەوتنە، هاوكات سوپاسی نوێنەری كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد كە بە قسەی ئەو رۆڵی لە گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان هەبووە.
بارودۆخی چەند رۆژی رابردووی شاری خورماتوو كاریگەریی لەسەر هاووڵاتییانی شارەكە و ئەوانەشی بەو شارەدا بەرەو شارەكانی دیكەی وەكو كەركووك و بەغدا دەچن كردبوو، ترسیش شارەكەی بەشێوەیەكی زۆر داپۆشی بوو پاش بڵاوبوونەوەی چەندین قەناس بەدەستی حەشدی شەعبی لەسەر بانی خانوو و باڵەخانەكان كە بوونە هۆی كوشتنی چەندین كورد.
قەزای دووزخورماتوو 230 كیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە یەكێكە لەو قەزایانەی لەسەر پارێزگای سەڵاحەدینە، بەڵام ناوچەیەكی جێ ناكۆكە لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغداش و تا ئێستا چەندین جار ناكۆكیی مەزهەبی و نەتەوەیی لەو شارە گرژیی دروست كردووە، بەڵام لەپاش هێرشەكانی داعش لە ساڵی رابردوو و هاتنی هێزە شیعەكان بۆ ئەو دەڤەرە ئەو گرژییانە زیادبوون.
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان عەدنان حەمەی مینا لە گوتەیەكدا لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە سوپاسی مەرجەعییەتی شیعەكانی كرد كە بە قسەی ئەو رۆڵییان هەبووە لە پێدانی رێنمایی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، گوتیشی "سوپاسی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكەین كە بەخەمەوە بوون و یارمەتییان داین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئەو لێژنانەی دروست دەكرێن كاتی نیین و بۆ ئایندەیەكی دوورە و بەردەوام دەبین لەسەری، ئێمە بەیەكەوە بەرامبەر بە دوژمنێكی هاوبەش شەڕ دەكەین و دەبێت كێشەكان كۆتایی پێ بهێنین و لە رزگاركردنی ئەم ناوچەیە پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەهیدمان داوە و پێمان ناخۆشە رۆڵەی هیچ كام لە پێكهاتەكان بكوژرێت، بۆیە پێویستە كە كێشە رووبدات هەوڵی هێوركردنەوەی بدەین بۆ ئەوەی ئاسایشی وڵاتەكەمان بپارێزین".
سەركردەی هێزەكانی بەدر لە خورماتوو محەمەد مەهدی بەیاتی لە گوتەیەكدا لەبەردەم راگەیاندنەكاندا گوتی: "شاری دووز پێویستی بە تەوافوق هەیە و نابێت هیچ لایەنێك لەسەر لایەنێكی تر زاڵ بێت و بۆچوونی خۆی بسەپێنێت، لە ئایندەشدا هەر كێشەیەك ببێت لەرێگەی ئەو لێژنە پێنج لایەنییەی دروستكراون چارەسەر دەكرێت، دەستی شاراوە لەو رووداوانەی روویاندا هەیە كە دەیەوێت ناكۆییەكانی نێوان هەردوولا زیاتر بكات".
گوتیشی: "ئاسایشی كورد و توركمان و عەرەب خوێنی لەپێناو دەرژێن بۆ ئەوەی پارێزراوبن وەكو یەك، هاوكات سەرو ماڵی هەر هاووڵاتییەك دەپارێزین و ئەمڕۆ گەیشتینە ئەنجام و لە دوێنێ وە ئەوە هەست دەكرێت و بەمنزیكانە دەستپێكردنەوەی دەوام لە فەرمانگەكان كە لە 24 كاتژمێری داهاتوو زیاتر نەبێت رادەگەیەنرێت".
درێژەی بەوەشدا كە دەستی پشتی ئەو رووداوانە جارێك بە بەعسییەكان دێن و جارێك بە نەقشبەندییەكان، هەرچۆنێك بێت دەستی شاراوە هەیە لەپشت رووداوەكانی دووزخورماتووەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەرپرسی لیوای توركمان لە حەشدی شەعبی یەڵماز نەجاڕ گوتی: "ئێمە گەشبینین بەوەی رێككەوتننامەكە چارەسەر ببێت و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ شارەكە و ئێستا هێز هاتوونەتە شارەكەوە و ژمارەیەك لە ئاژاوەگێرانمان گرتووە و رەوانەی سلێمانی و بەغدا كراون و هەوڵ دەدەین لەرێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكەین و كۆبوونەوەكانیشمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوام دەبین، ئێمە لە كۆتایی قەیرانەكە نزیك بووینەتەوە، بەڵام پێویستمان بە پاڵپشتیی هەیە، سەرجەمی لایەنەكان لەسەر كاغەزی سپی ئیمزامان كردووە تەنها لەپێناوی گەیشتن بە چارەسەر و رووبەڕوو بوونەوەی داعش، چونكە هێشتا لە دژی داعش زۆر شتمان پێكەوە ماوە".