Mazın Asad
28 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی ئاک پارتی، ماھیر ئوناڵ لەکاتی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ئاک پارتی لە بارەگای گشتی ئەو پارتە لە ئەنقەرە، لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانى دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی مشتومڕەکانی دوای نەبوونی توغرول تورکێش لە کابینەی حکوومەتی ئاک پارتی، ئوناڵ رایگەیاند "لە نێو ئاک پارتیدا پارێزگاری لە پەرلەمانتارێک دەکەین کە پێشتر وەزیر بووە. لەوبارەیەوە ھیچ نیگەرانییەکی جێگەی باس نییە. بەڕێز توغروڵ تورکێش خۆشی ئەمەی گوتووە، لەوبارەیەوە ھیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە. لێرەدا ئەوە دەڵێم کە ھیچ کێشەیەک لەنێوان ئاک پارتی و مەھەپەدا نییە. بە ھەمان شێوە ھیچ کێشەیەک لەنێوان سەرکردەکانی ئاک پارتی و مەھەپەشدا نییە. بەڵام چەند روونکردنەوەیەکی جێگرانی سەرۆکی گشتی ئەو پارتە ناڕەحەتی کردووین و ئەوەشمان بە لایەنی بەرامبەر راگەیاندووە".
لەبارەی دامەزراندنی مەروە کاڤاکچی وەک باڵیۆزی تورکیا لە کوالالومپور، ماھیر ئوناڵ گوتی: "ئەمە بڕیارێکە لە لایەن ئیرادەی سیاسییەوە دراوە و رەخنەگرتنی کەسانێک لەم بڕیارە خۆی لەخۆیدا سروشتی سیاسەتە. بەڵام پێویستە ئەوەش لەیاد نەکەین، بەڕێز مەروە کاڤاکچی خۆی شایەتحاڵی رێگرییەکانی ئازادی باوەڕ و جلوبەرگ لەم وڵاتە بووە. تێناگەم کە وڵاتێکی سەربەخۆ، دیموکراسی و ئازادی وەک تورکیا، لە رابردوودا کاتێک کەسێک رووبەڕووی ئەم ناخۆشیانە بووەتەوە و دواتر دووبارە لە لایەن دەوڵەتەوە متمانەی پێدراوە، رەخنەی لێدەگرێت".