Hamit Hüseyin
15 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2016
سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور-گوێر سیروان بارزانی لەبارەی ھاتنەوەی ھێزی عێراقی بۆ ناوچەی مەخموور بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ھێزە ھیچ مەترسییەکی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان نابێت و بەر لەوەی دابمەزرێ ئەوا ھەرێم گرنتی لێ وەرگرتووە بۆ گەڕانەوەیان و ئەوان دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای دیجلە و ئۆپەراسیۆنەکانی مووسڵ دەگەڕێنەوە و ھەروەھا ئەو پرسە زیاتر لە حەوت مانگە کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا تاوتۆێ کراوە و شوێنیان لەو ناوچەیە نییە و ئەوان بەرەو مووسڵ دەڕون و بە ھیچ شێوەیەک بە زۆرەملە ناتوانن لەو ناوچەیە بمێننەوە".
ھەروەھا سیروان بارزانی گوتی: "ئەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بوون و دوای شەڕی داعش ئازاد کراون ئەو ناوچانە بە خوێنی شەھیدانی کوردستان پاککراوە و زۆربەی ئەو ناوچانە کە بە مادەی ١٤٠ و ریفراندوم کێشەکەیان چارەسەر نەبوون و ئەوان ئەو ناچانەیان رادەستی داعش کرد و ئێمە بەخۆێنی پێشمەرگەی کوردستان ناوچەکانمان ئازاد کردەوە. لە ئێستادا لەو میحوەرە ھیچ خاکێکی ئێمە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش نەماوە".
لەبارەی پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵ سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور-گوێر گوتی: "بە تاکید پێشمەرگە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەکات بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە لە چ میحوەرێک و بەچ رێژەیەک بەشداری لەو شەڕە دەکەین".
ھەروەھا گوتیشی: "عەشایری سوننەش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکەن و ئەو عەشایرانە ئێمە بەر لە سالێک بانگھێشتمان کردوون کە بەشداری لە شەڕی داعش بکەن و گوندەکانی خویان ئازاد بکەن و لە ئێستاشدا لەگەڵ ئێمە بەشدار دەبن و ھۆکاری بەشداری ئەوانیش بۆ ئەوەیە کە زیاتر حەساسییەت لە نێوان کورد و عەرەب دروست نەبێت".
لەبارەی بەشداری حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ گوتی: "ھەرچەندە ئەو گرفتە، کێشەی عێراقە و کێشەی ھەرێمی کوردستان نییە بەڵام ھەر ھێزێک بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان بکات ئێمە کێشەمان نابێت لەگەڵیان و پێشوازی لێدەکەین".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لیوا رووکن نەجم الجبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ گەیشتنی ھێزێکی سەر بە فیرقەی ١٥ی سوپای عێراقی بۆ مەخموور راگەیاند.