سهنعا
فڕۆكەكانی جەنگی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی سعوودیە ماڵی سەركۆماری لەسەركارلابراوی یەمەن عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە سەنعای پایتەخت بۆردومان كرد، بەڵام ساڵح و خانەوادەكەی لەو هێرشەدا هیچ زیانێكیان بەرنەكەوت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە نێوخۆییەكانەوە وەرگیراون، فڕۆكەكانی جەنگی هێزی هاوپەیمانان بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێ هێرشیان كردۆتە سەر ماڵی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ناوەڕاستی سەنعا، بەو هۆیەوە لە ناوچەكەدا دووكەڵ بەرز بۆتەوە و زیانی ماددیش كەوتۆتەوە.
ئاژانسی هەواڵ و دەنگوباسی (خەبەر)ی نزیك لە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بڵاویانكردەوە كە فڕۆكەكانی جەنگی سعوودیە سێ هێرشیان بۆ سەر ماڵی سەركۆماری پێشووی یەمەن لە سەنعا ئەنجامداوە، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی دەورووبەری ماڵەكە برینداربوون، بەڵام ساڵح و خانەوادەكەی هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی، وێنەیەكی خۆی لەبەردەم خانووە بۆردومانكراوەكەی بڵاوكردەوە كە جلوبەرگی مەدەنی لەبەردایە و مایكی بەدەستەوەیە.