هەولێر
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئافرەتان لە عێراق بەیان نوری دەڵێت كۆڕبەندەكە راسپاردەی بۆ حكوومەتی عێراق دەبێت.
ئەمڕۆ لە هۆڵی هوتێل شیراتۆنی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پتر لە 100 ئافرەتی چالاكوان لە بواری بەرگری لە مافەكانی ئافرەت لە سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و تونس و لیبیا و عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە و نوێنەرانی چەند كونسوڵخانەیەكی وڵاتانی بیانی و نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق (یونامی) كۆڕبەندی ئاسایشی ئافرەتان دەربارەی بڕیاری 1325 بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەو كۆڕبەندە كە لەلایەن كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی و كۆڕبەندی ئافرەتانی راگەیاندنكاری عێراقییەوە سەرپەرشتی دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە كە تایبەتە بە ئافرەتانی قوربانیی جەنگ و ناكۆكییەكان دروشمی بەرنگاربوونەوەی ژنان بۆ توندوتیژی و تیرۆر و تێكۆشانییان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواكانییان و ئاشتی و ئاسایش و ئارامی هەڵگرتبوو.
كۆڕبەندەكە لەلایەن باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە عێراقەوە پاڵپشتی دەكرێت و حەوت لایەنی عێراق و هەرێمی كوردستان و لوبنانی و نەتەوەیەكگرتووەكان رێكخیان خستبوو كە بڕیارە دوو رۆژ بەردەوامی هەبێت.
لەو كۆڕبەندە چەندین كەسایەتی وتاریان لەسەر رەوشی ئافرەت لە عێراق پێشكەش كرد بەتایبەت لە كاتی جەنگ و ناكۆكییەكان كە هەردەم ئافرەتان و منداڵان وەكو قوربانی یەكەم تەماشا دەكرێن لە عێراقیشدا زۆرێك لە باجی ئەو ناكۆكییانە دەدەنەوە، زۆرێك لەوانەی وتاریان هەبوو لە نوێنەرانی كونسوڵخانەكان، ئەنجوومەنی باڵای ئافرەتانی هەرێم، وەزیری كاروباری ئافرەتانی عێراق و چەند كەسایەتییەكی دیكەش.
بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەبارەی ئافرەتان و ئاسایش كە لە 31ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2006 پەسەند كراوە، یەكەمین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشە كە بەدیاریكراوی دان بە شوێنەواری ململانێیەكان دەكات، بەتایبەت توندوتیژی سێكسی لەسەر كچان و ژنان.
بڕیاری ژمارە 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایشی بریتییە لە بەڵگەنامەیەكی 18 خاڵی كە جەخت لەسەر چوار خاڵی تێكهەڵكێش دەكاتەوە ئەوانیش: "بەشداریی ئافرەتان لەسەرجەم ئاستەكانی دروستكردنی بڕیار و لە كردەكانی ئاشتی، بەشداریكردنییان لە مەشقی رەگەزی لە كردەكانی ئاشتی پارێزی، پاراستنی مافی ژن و كچان، گشتگیركردنی تێڕوانینی رەگەزی لە سیستەمەكانی ئاگاداركردنەوە و جێبەجێ كردنی نەتەوە یەكگرتووەكان".
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئافرەتان لە عێراق بەیان نوری لە لێدوانێكدا لەبارەی ئەو كۆڕبەندەوە كە بەشداریی تێدا كردبوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانج لەم كۆڕبەندە بتوانرێت بڕیاری 1325 كاری لەسەر بكرێت و وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و بەشداریكردنی ئافرەتانی وڵاتانی دیكە بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونە، ئەو بڕیارە هێشتا وەكو خۆی لەلایەن زۆر وڵاتەوە جێبەجێ نەكراوە لەنێویاندا عێراق، عێراق یەكەمین وڵات بوو پلانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لە نیسانی 2014 دا پەسەند كرد بە دوایدا كارەكە جێبەجێ نەكرا و هێرشەكەی داعش تەواوی ئەو پلانەی پەكخست".
گوتیشی: "یەكێك لە بنەما گرنگەكانی ئەو بڕیارە ئەوەیە ئافرەتان لەكاتی شەڕ و ناكۆكییەكان بپارێزرێت كە ئەمە لایەن داعشەوە نەكرا و بگرە ئەوپەڕی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان كرا، لە ساڵی 2015 بەرنامەمان هەیە بۆ هاوكاریكردنی ئەو ئافرەتانەی تووشی توندوتیژی بوونەتەوە".
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئافرەتان لە عێراق باسی لەوەشكرد كە لە كۆتاییدا كۆڕبەندەكە راسپاردە دەداتە حكوومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری 1325ی ئەنجوومەنی ئاسایش.
ئەمە و بڕیارە ئەمڕۆ وتوێژەكان بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لە لایەن عێراقەوە بەتایبەت بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی كەمایەتییەكانی ئێزیدی و مەسیحی و توركمان بە پلەی یەكەم كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر بەردەوام بێت.