Dilşad Seyfeddin Ahmed
09 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2015
سلێمانی
یەكەمین فیستیڤاڵی هەفتەی سلێمانی بە دروشمی " سلێمانی ، چەپكە گوڵی دیموكراسی و پێكەوە ژیانە " لە رۆژی 16ی ئەم مانگە دەست پێدەكات و تا رۆژی 21 ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.
پارێزگاری سلێمانی، ئاسۆ فەرەیدون لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری زیاتری لەسەر فیستیڤاڵەكە خستەڕوو، لەو بارەیەوە گوتی: " هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەكانی شارەكە ئامادەكاری باشیان بۆ فیستیڤاڵەكە كردووە و بەهاوكاری دانیشتووانی شارەكە لە ماوەی رۆژانی دیاری كراودا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لە بوارەكانی هونەری و وەرزشی و ژینگەیی و پەروەردەیی و بوارەكانی تر پێشكەش دەكرێن".
ئاسۆ فەرەیدون گوتی: " مەبەست لە فیستیڤاڵەكە پەیامێكی هەرەوەزییە لە نێوان هاوڵاتیان و فەرمانگەكان بۆ پەرەپێدانی سیما جوانەكانی سلێمانی، كە ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە سلێمانی و لە یادی دامەزراندنیدا هەفتە فیستیڤاڵێكی لەو شێوە ئەنجام بدرێت".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، فیستیڤاڵەكە هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخان نەكراوە و ئەو بودجەیەی هەیانە بۆ پڕۆژەكانی دیکەی شارەكەی تەرخان دەكەن، هەروەها دیانەوێت لەو رێگەیەوە پشتیوانی بكەن لە بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگی دشی داعشدا.
شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بنیات نراوە، ساڵانە لە 14 تشرینی دووەمدا یادی دامەزراندنی شارەكە بە چەندین چالاكی جۆراوجۆر دەكرێتەوە.