Azad Mohammed Abdullah
26 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 26 ئادار 2018
دهۆک - AA
گوتەبێژى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند "ئەو هێزەى سوپاى عێراق لە شنگال و سنونێ جێگیرکراون بۆ ئەوەى هیچ بۆشاییەکى ئەمنى لە ناوچەکە دروست نەبێت".
عەمید یەحیا رەسول لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەمڕۆ یەکەکانى فیرقەى ١٥ى سەربە سوپاى عێراق گەیشتنە قەزاى شنگال و ناحییەى سنونێ بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە و رێگە گرتن لە دروستبوونى بۆشایی ئەمنى، جێگیربوونى ئەو هێزانە لەو ناوچانە لەژێر فەرمانى حکوومەتى عێراق بووە".
گوتیشى: "یەکە سەربازییەکانى سوپاى عێراق ئەمڕۆ لەو ناوچانە جێگیر کراون، کە پێشتر بنکە و بارەگاکانى پەکەکە بوون، جێگیربوونى ئەو هێزەى سوپاى عێراق دواى بڕیارى کشانەوەى چەکدارانى پەکەکە دێت لە شنگال و سنونێ تەواوى ناوچەکە".
ئاماژە بەوە دەدات کە هێزەکە پێکدێت لە چەکى قورس و جۆرەها کەلوپەلى سەربازى کە بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە پێویستن.