سلێمانی
دوای ئازادكردنی و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی شنگال و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لەلایەن سكرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنەكەوە پێشوازی لێكرا.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەربارەی هۆكارەكانی دەستگیركردنی و چارەنووسی هێزی شنگال وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "هەستدەكەم هۆكاری گرتنەكەم هۆكارێكی سیاسی بووە لەوەی یاسایی بێت چونكە هیچ فەرمانێكی یاسایی و قەزایی دادگا نەبوو بۆ دەستگیركردنەكەم".
باسی لەوەشكرد لە زیندان مامەڵەیەكی خراپی لەگەڵدا كراوە و لە ژوورێكدا زیندانی كراوە كە پێنج كەسی تری تێدا بووە كە عەرەب بوون و خەڵكی مووسڵ بوون و بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیر كرابوون و گوتی: "هەمان مامەڵەی ئەوانم لەگەڵدا كراوە".
دەربارەی هێزی پاراستنی شنگال شەشۆ گوتی" "ئەو هێزە هیچ پەیوەندییەكی بە حەشدی شەعبیەوە نییە و ئێمە خۆمان بە هێزێكی كوردستانی دەبینین و هەر بڕیار و رێنمایەكیش دژی بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بێت ئێمە دژی دەبین و كاری پێناكەین".
شەشۆ گوتیشی: "ئێمە چەندین جار داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە هاوكاریمان بكەن و خۆم سێجار بە فەرمی بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كردووە كە هاریكاری هێزەكانی پاراستنی شنگال بكەن لە پێناو پاراستنی خاكی شنگال بەڵام بەداخەوە وەڵامێكی دروستمان دەست نەكەوت و هیچ هاوكاریەكیان نەكردین".
"داواكارییەكان تەنها لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بووە چونكە لە سەرەتای گیرانی شەنگالەوە لە سێی ئابی رابردوو هەتا ئەو ِۆژەی گیرام لە شنگال بووم بە بەردەوامی و نەگەڕاومەتەوە تا لەڕێگەی نوسراوی فەرمییەوە داواكاریەكانمان بگەیەنم".
"بۆ هەمان مەبەست داوامان لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش كردووە كە هێزی پاراستنی شەنگال وەك هێزێكی كوردستانی بناسێنرێت و لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە هاوكاری بكرێت بۆ ئەمەیان جێگری لێپرسراوی هێزی پاراستنی شەنگال چاوی بە سەرۆكی پەرلەمان كەوتوە و بە رەسمی داوای لێكردووە".
دەربارەی پەیوەندیان بە حەشدی شەعبیەوە گوتی: "هێزی پاراستنی شنگال بە هیچ جۆرێك پەیوەندی بە حەشدی شەعبیەوە نییە و تەنها لەڕێگەی نا فەرمییەوە حكوومەتی ناوەند چەند هاوكاریەكیان پێگەیشتوە و هیچ پەیوەندیەكی ڕەسمیان نەبووە و نییە بە حكوومەتی عێراقەوە تەنها ئەو هاوكاریە نا رەسمیانە بووە تا بتوانین بەردەوام بین و بەرگری لە خاك و ئەرزی خۆمان بكەین".
ئاڵاكەشمان هیچ پەیوەندیەكی بە حەشدی شەعبیەوە نییە و بەڵكو رەمزێكی ئاینی ئێزیدیەكانە و بەدەر لەوە ئاڵای كوردستان ئاڵای هەرە سەرەكی ئێمەیە و لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە لامان هیواخوازین خەڵكی كوردستان لەوە تێبگەن كە ئێمە بەدەرنین لە كورد و كوردستان.
تەئكیدیشی لەوە كردەوە كە لە هیچ كاتێكدا هێزەكەی سەر بە حەشدی شەعبی نەبوونە و چەندین جاریش داوامان كردوە بخرێینە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بەڵام لەژێر هەمان ناوی خۆماندا چونكە لەژێر ئەو ناوەدا شەهیدمان داوە بۆ پاراستنی شنگال، ئاماژەی بەوەشدا ئێستا بەشێكیان قبووڵكراوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێكیان ماوە و گوتی: "ئەگەر قبووڵیش نەكرێین ئێمە بە خۆبەخشی وەك چۆن پێشمەرگەكان لە سەردەمی شۆڕشدا خەباتیان دەكرد هەمان خەبات دەكەین".
دەربارەی شێوازی گرتنەكەی گوتی من بەبێ هیچ بڕیار و فەرمانێكی یاسایی گیرام بۆیە ئەو رایە راستە كە دەوترێت فڕێنراوم لە زیندانیشدا لەگەڵ پێنج كەس دانرابووم كە بە تۆمەتی داعش بوون گیرابوون و هەمان مامەڵەی ئەوانم لەگەڵدا كراوە.
لەوەڵامی پرسیارێكی ئانادۆڵوشدا كە ئایا هێزی پاراستنی شنگال دەمێنێت یا هەڵدەوەشێتەوە و ئایا خۆی ئەگەڕێتەوە شنگال بۆلای هێزەكەی یاخود لە سلێمانی دەمێنێتەوە شەشۆ گوتی: "بەڵێ ئەو هێزە بۆ پاراستنی شنگال دروستبووە و دەمێنێت و بەردەوام دەبێت و پاش ئازادكردنی شنگالیش هەر شوێن و پارچەیەكی كوردستان پێیویستی بە هاوكاری ئێمە هەبێت ئەوا دەچین بە هانایانەوە و دەیانپارێزین و خۆشم دەگەڕێمەوە و دەچمەوە شنگال و جارێكی تر لەوێ دەست بە خەبات دژی تیرۆرستان دەكەمەوە بۆ پاراستنی خاكی خۆمان".