Sangar Hamad Azeez
10 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2016
لەندەن - AA
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یارییەکانی پرێمەر لیگدا لە یاری دێربی مانچستەردا هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتد، رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لە هەفتەی چوارەمی خولی پلە نایابەکانی ئینگڵتەرا (پرێمەر لیگ)دا، کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یانەی مانچستەر یونایتد لە یاریگای ئۆڵدترافۆڵت میوانداری یانەی مانچستەر سیتی دەکات.
بەهۆی ئەوەی راهێنەرانی ئەم دوو یانەیە مێژوویەکی پڕ لە رکابەریان هەیە لە دژی یەکتر، راگەیەندنەکانی جیهان بەگشتی و ئینگڵتەرا بەتایبەتی گرنگییەکی زۆر بە یارییەکە دەدەن.
هەریەک لە جۆزێ مۆرینهۆ و پیپ گواردیۆلا لە مێژووی راهێنەرایەتیاندا ١٦ جار رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە لەم ژمارەیەش ٧ جار گواردیۆلا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و مۆرینهۆش ٣ جار ئەمە لە کاتێکدا کە ٦ جار یەکسان بوون.
هەردوو یانەکەی شاری مانچستەر لە سێ یاری رابردوودا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و بە هاوبەشی بە کۆکردنەوەی ٩ خاڵ لە پلەی یەکەم دێن.
سەرکەوتنی هەر یەکێکیان لەیارییەکی ئەمڕۆ بە مانای مانەوە لە پێشنگ و درێژەدان بە رکابەرییەکان دێت.
ئەوەی ماوە بوترێت هەردوو یانە لەمساڵدا زۆرترین پارەیان خەرج کرد لە گواستنەوەی یاریزانان بەشێوەیەک کە لەسەر ئاستی جیهان یانەی مانچستەر سیتی بە خەرجکردنی ١٦٥ ملیۆن پاوەند لە پلەی یەکەم دێت و دوای ئەویش مانچستەر یونایتد دێت بە ١٤٢ ملیۆن پاوەند.