Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ بەشێك لە قوتابیانی چەند كۆلێژێكی زانكۆی سلێمانی لە بەردەم كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەستیانکردەوە بە مانگرتن و خۆپیشاندان و داوایان لە بەرپرسانی زانكۆكە كرد هەرچی زووە كێشە و كەموكوڕییەكانی ناو زانكۆ بەتایبەت بەشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن.
نوێنەری قوتابییەكان، محەمەد سلێمان لە بارەی داواكارییەكانیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك قوتابیانی كۆلێژەكانی پەروەردە، شەریعە و بازرگانی ئەمڕۆ هاتووین بۆ گەیاندنی داوا رەواكانی خۆمان، لەوانەش نەبوونی پاككەرەوە و ئاوی گەرم و گەرمكەرەوە و لە بەشە ناوخۆییەكان و بوونی سەگ لەناو زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكان كە ئەمشەویش قوتابییەكی تر لە لایەن ئەو سەگانەوە پەلامار دراوە".
ناوبراوگوتی: "كێشەیەكی تری ناو زانكۆكان بوونی ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلە لەناو زانكۆدا كە رێگای رۆشتنیان زەحمەتكردووە، هەروەها داوای كەلوپەلی تایبەت بەو تاقیكردنەوانە دەكەین لە بەشەكانی كیمیا و فیزیا و بایۆلۆجی دەكرێت".
هەفتەی رابردوو ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی زانكۆی سلێمانی خۆپیشاندانێكی گەورەیان ئەنجامدا و لە بەرامبەردا بەرپرسانی زانكۆی سلێمانی بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكانیان درا.
لانيا بارام قوتابییەكی بەشداربووی خۆپیشاندانەكە بوو، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای خۆپیشاندانەكەی هەفتەی رابردوو مۆڵەت بە قوتابیان دراو نێردرانەوە ماڵەوە بەپاساوی ئەوەی كێشەكانیان بۆ چارەسەر دەكەن، بەڵام ئەم هەفتەیە هەمان كێشە و گرف لە بەشە ناوخۆییەكان و زانكۆ بەردەوامی هەیە و زیاتریش بووە".
ئەو گوتی: "لەناو زانكۆش هەمان كێشەی بەشە ناوخۆییەكانمان هەیە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و هەوای گەرم و ئامێری پێویست لە تاقیگەكاندا بۆ بەشە زانستییەكان، بۆیە بەردەوام دەبین لە مانگرتن و خۆپیشاندان تا ئەو كاتەی داواكانمان جێبەجێ دەكەن".