Sarmand Hameed
31 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هیوای ئەوەی خواستووە کە "رۆژی لە ٢٥ـی ئەیلوول، هەموو خەڵکی کوردستان بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، ئەو ڕۆژە بکەنە جەژنێکی گەورەی نیشتیمانی و ساڵانی داهاتوو ئەو ڕۆژە وەک جەژنی سەربەخۆیی یاد بکەنەوە".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو موسڵمانانی جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم كە بە خوێنی ئازیزانیان ئازادی و شكۆی وڵاتەكەمان پارێزراوە. پیرۆزبایی لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم كە لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەتی گەل و خاكی نیشتیمانن و دەستخۆشیش لە هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس دەكەم كە ماندوونەناسانە ئەركی پاراستنی ئارامی و ئاساییشی خەڵكیان بە باشی ئەنجام داوە.
هیوادارم لە ٢٥ـی ئەیلوول، هەموو خەڵکی کوردستان بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، ئەو ڕۆژە بکەنە جەژنێکی گەورەی نیشتیمانی و ساڵانی داهاتوو ئەو ڕۆژە وەک جەژنی سەربەخۆیی یاد بکەینەوە.
جەژنتان پیرۆز و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم.
مەسعود بارزانی
٣١ـی٨ـی٢٠١٧