Emre Doğan
10 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2017
ئیستانبوڵ - AA
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی میوانداریی یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی کرد و بە ئەنجامی ٢ گۆڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ یارییەکەی لێبردەوە، بەو شێوەیەش خانمە پیرەکە گەیشتە یاری کۆتایی.
یوڤێنتوس یاریی رۆیشتنی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یاریگای مۆناکۆدا لە یانەکە بردەوە و بە سەرکەوتنیشی ئەمجارە ٩یەمین جارە دەگاتە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان کە دوو جاریان لە ماوەی سێ وەرزی رابردوودا بووە.
سەرەتا یوڤێنتوس لە خولەکی ٣٣دا لە رێگەی گۆڵێکی ماندزۆکیچەوە، بە گۆڵێک پێشکەوت.
هەر لە گێمی یەکەمدا و لە خولەکی ٤٤دا، دانی ئەلڤێس گۆڵێکی دیکەی بۆ خانمە پیرەکە تۆمار کرد و ئەنجامەکەی بۆ ٢-٠ بەرزکردەوە.
دواتر و لە گێمی دووەمدا، کایلان ماپێ لە خولەکی ٦٩دا، گۆڵێکی بۆ مۆناکۆ تۆمار کرد و جیاوازییەکەی بۆ گۆڵێک کەمکردەوە و ئەنجامەکەی کردە ٢-١.
بەوشێوەیەش یوڤێنتوس بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی.
بەم ئەنجامە خانمە پیرەکە دوایین ٢٣ یاریی لە میانی خولەکانی ئەورووپادا لە یاریگای خۆیدا نەدۆڕاندووە و دوایین شکشتی لەسەر دەستی یانەی بایەرن میونخی ئەڵمانی بوو لە نیسانی ٢٠١٣دا بە ئەنجامی ٢-٠.