Zana Natık Kerem
28 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، سامان ئەحمەد بەکر رایگەیاند، ئەگەر فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تا سەرەتای مانگی نیسان نەگەنە رێککەوتن، ئەگەری ھەیە ھەڵبژاردن دوا بخرێت.
سامان ئەحمەد بەکر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە نزیکەی مانگێک بەسەر دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان نەگەیشتوون بە رێککەوتن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "تا ئێستا کۆمیسیۆن سێ نووسراویان لەبارەی کاراکردنەوە و دەستکردن بە رێکار و ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام ھێشتا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان نەگەیشتوون بە رێکەوتن".
سامان ئەحمەد بەکر ئاماژەی بەوەیشدا کە پێویستە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تا یەکی مانگی نیسانی داھاتوو لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی بگەنە رێککەوتن، ئەگەر نا بەپێچەوانەوە، ئەوا ئەستەمە بتوانرێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
رۆژی ٢٤ی مانگی شوباتی رابردوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، یەکی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ی وەک وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد.
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو کە تا ئەو کاتەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نەدات، ناتوانین ھیچ ئامادەکارییەک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین.