24 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجەی ئەمساڵ، بە زۆرینەی دەنگی 168 ئەندامی ئامادەبوو، پرۆژەیاسای قەرزی دەرەكی و ناوخۆی پەسەند كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست كەوتوون، ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە میانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا لە كۆی 329 ئەندام، 168یان ئامادەبوون، پرۆژەیاسای قەرزی دەرەكی و ناوخۆی خستە دەنگدانەوە.
بە گوتەی سەرچاوەكە لە میانی دانیشتنەكەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەو 168 ئەندامەی كە لە دانیشتنەكەدا ئامادەبوون، پرۆژەیاسای قەرزی دەرەكی و ناوخۆ پەسەندكراوە.
پێشتر حكوومەتی عێراق بە ئامانجی وەرگرتنی قەرزی دەرەكی بە پێنج ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆ بە 15 ملیار دینار بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بوودجەی گشتیی ئەمساڵ، پڕۆژە یاسایەكی پێشكەش كردبوو.
حكوومەتی عێراق هەوڵدەدات بە وەرگرتنی ئەو قەرزانە، مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكانی بەكاربردن دابین بكات و كورتهێنانی بوودجەی گشتیی ئەمساڵیشی پێ چارەسەر بكات.
چاوەڕوان دەكرێت، بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رووبەڕووی كورتهێنان ببێتەوە.
ئەوەیش لە كاتێكدا بوودجەی گشتیی عێراق بەڕێژەی 95 لەسەدا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.