Heman Hussein Yaseen
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
بەمەبەستی ھەماھەنگی نێوان دامەزراوە یاساییەکانی کوردستان بۆ ئەرشیف و بە دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەکان، پەرلەمانی کوردستان بنکەی یاسادانانی هەرێمی کوردستانی دامەزراند.
بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری، نوێنەری حکوومەتی هەرێم و، ژمارەیەک لە پسپۆڕانی یاسایی، دامەزراندنی بنکەی یاسادانانی کوردستان راگەیاندرا.
لە رێوڕەسمێکدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق گوتارێکی پێشکەیشکرد و ئاماژەی بە رۆڵی بنکەکە کرد و جەختی لە دۆکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان کردەوە و رایگەیاند: "ئەم بنکەیە بۆ ئەوەیە کە لە رووی ئەرشیفەوە کاربکات بۆ گەلاڵەکردنی ھەموو بەڵگە و بڕیار و پڕۆژەیاسا و یاسا بەرکارەکانی کوردستان کە لە تەواوی دامەزراوە یاساییەکان و کارگێڕییەکان کاری پێدەکرێت.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق گوتی: "لەو روانگەیەی ئێمە پێمانوایە بۆ ھەڵنەگرتن و دۆکیۆمێنتنەکردنی مێژووی دووری نەتەوەکەمان، رەنگە پاساوگەلێک ھەبن ببن بە وەڵامی ئەم کەمتەرخەمییە، بەڵام بۆ مێژووی نزیک، کە مەبەستم ٢٩ ساڵێک بەر لە ئێستایە، کە مێژووی دروستبوونی یەکەم پەرلەمانی کوردستانییە، کە نەمانتوانیبێت ئەو بەڵگە و مێژووە زۆر نزیکە کۆبکەینەوە، کە لەم ماوەیەدا چەندین رووداوی مێژوویی گرنگ هەبوون، لە هەموویان بەرچاوتر دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان کە لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا خۆی دەبینێتەوە".
رێواز فایەق گوتیشی: "پەرلەمانی کوردستان خاوەن چەندین بەڵگەنامەی مێژووییە، کە رەنگە باش کاریان لەسەر نەکرابێت، یان پێویست بێت باشتر کاریان لەسەر بکرێت و، بپارێزرێن، بەتایبەت مێژووی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆیە وەک ئەرکێکی یاسایی و پیشەیی راستەوخۆ لەدوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەرکی سەرۆکایەتیمان پێ سپێردرا، یەکێک لەو کارانەی لە ئەولەویەتدا بوو، دامەزراندنی بنکەی یاسادانان بوو بۆ ئەوەی سەرجەم یاساکان بە دۆکیۆمنێت بکات".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە گرنگییەوە باسی لە کردنەوەی ئەو بنکەیە کرد و ئاماژەیشی بەوەکرد کە ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەت ھەیە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە رێگای کەمکردنەوەی رۆتین، رێرەوی کارگێڕی بخاتە سەر رێچکەیەکی دروست.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد تەواوی دامەزراوەکانی خۆی راسپێرێت تا لە ھەموو روویەکەوە بۆ بڕگە و ماددە یاساییەکان و رێنماییە یاساییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو بنکەیە و، وەک بانکێکی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
رێواز فایەق ئەوەیشی خستەڕوو کە، ھەڵەی یاسایی و نەبوونی یاساکان بە پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر و ناشارەزایی کارمەندانی کارگێڕی بەتایبەت لە ھۆبەکانی یاسایی لە دامەزراوەکانی حکوومەت ھۆکارێک بوو بۆ ئەوەی کە دامەزراندنی ئەم بنکەیە دوا بکەوێت.
بنکەی یاسادانانی هەرێمی کوردستان، بریتیی دەبێت لە پاراستنی دەقە یاساییەکان و ئاسان بەدەستهێنانی زانیارییەکان بەشێوەی ئەلیکتڕۆنی و، ئەم بنکەیە بە لیژنەی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان دەبەسترێتەوە.