İdris Okuducu,Rewa Mahmood Hasan
20 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2019
ئیستانبوڵ - AA
لە بنکەیەکی سەربازیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەدین، چەند تەقینەوەیەکی یەک لەدوای یەک رووی دا.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ناوخۆی عێراق لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی لەنزیک بنکەی سەربازیی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین دوا بەدوای یەک چەند تەقینەوەیەک روویان داوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی عێران لیوا کازم سەلمان بورهان رایگەیاند کە بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی دوای تەقینەوەکە یەک لەدوای یەکەکەی بارەگاکە کەوتۆتەوە، ١٠ تیمی ئاگرکوژێنەرەوەیان رەوانەی ناوچەکە کردووە.
بورهان دووپاتی کردەوە کە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگادار بوون لەدۆخەکە بەرەو بەلەد بەڕێکەوتووە.
لەکاتێکدا بەرپرسانی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوە دەکەن تەقینەوەکە رووداوێکی ئاسایی نەبووە، بەڵام هیچ زانیارییەک نادەن لەسەر تەقینەوەکە.
لە بنکەی سەربازیی بەلەد فڕۆکەی جەنگی F-16 و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی بوونیان هەیە، یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییە ئاسمانییەکانی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو ئەمڕۆ لەلێدوانێکدا لە کییڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا وەک ئاماژە باسی لەوە کرد کە مانگی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە عێراق پێکراون و گوتی، "ئێران لەهیچ شوێنێک حەسانەوهی نییە" و وەک ئاماژەیەک باسی لەوە کرد کە سوپای ئیسرائیل لەپشت ئەو هێرشانەوە بووە.