13 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
کەتیبەکانی حزبوڵڵا عێراق جارێکی دیکە هەڕەشەی به ئامانج گرتنی هێزەکانی ئەمریکای کرد ئەگەر لە خاکی عێراق نەکشێتەوە.
حزبوڵڵای عێراق راگهیهنراوێكی بڵاوكردووهتهوه و تێیدا هاتووه "ئەمریکا دەستپێشخەر نەبوو بۆ دەستکردن بەناو گفتوگۆی ستراتیژیی، دوای ئەوەی هەستی بەوە کرد ئیتر بوونی لە عێراق پهسهندكراو نییە، بەتایبەت دوای بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کە حکوومەت ناچار دەکات بە وهدهرنانی هێزە بیانییەکان".
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، "عێراقییەکان چاوەڕوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانن بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ماوەیەکی دیارییکراودا، پێشینی ناکەن رادهستی خواستەکانی ئیدارەی ئەمریکا بن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای کات و مەرجی دانراو و سەپێنراو بەهەڕەشە، و قبوڵکردنی ئەو مەرجانە بەردەوامیدانە بە ئەتککردنی سەروەری عێراق خۆڕادهستكردنه بە ئیرادەی دوژمن".
ئاماژە بەوەشدراوە کە "ئەمریکا بەوە ناسراوە کە پانەبدی پەیماننامە و بەڵگەنامەکان نابێت و بەهیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە، بۆیە دەبێ بەباشی درک بەوە بکات کە ئەگەر هەوڵی سووڕانەوە لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بدات، ئەوە زۆر بە قورسی باجەکەی دەدات".
رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە خاکی وڵاتەکەی.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای دوو رۆژ هات لە کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس کە لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.
پەیامەكهی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق دوای ئهوه دێت کە رۆژی هەینی رابردوو هەردوو حکوومەتی عێراق و ئەمریکا ئەنجامی گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان راگەیاند و ئاماژە بەوە درابوو کە هەردوولا رێکەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەمیانی چەند مانگی داهاتوودا.
کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق بە گرووپێکی چەکداریی نزیک لە ئێران هەژمار دەکرێت و لەلایەن ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە پشت ئەو هێرشە مووشەکیانهوهیه کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو بنکە سەربازییانەی هێزەکانی ئەمریکا تیایاندا جێگیرکراون.
ئەمریکا، لەچوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە.