Hemin Othman Mohammed
04 کانوونی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2025
بەغدا – AA
حکوومەتی عێراق، بە فەڕمی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە. ئەمەش لە چوارچێوەی نوێ کردنەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکان.
بەپێی ژمارە ٤٨٤٨ی ڕۆژنامەی فەڕمی (وەقائیعی عێراقی) کە لەلایەن وەزارەتی دادی عێراقەوە بڵاوکرایەوە و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بڕیارە نوێیەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان لە نووسینگەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پشتڕاست کراونەتەوە.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەم نوێکردنەوەیە لە چوارچێوەی دیاری کردنی ئەو قەوارە و کەسانەدایە کە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەیانگرێتەوە، بەمەش هەردوو بزووتنەوەکەی حووسی و حزبوڵڵا دەخرێنە ژێر چاودێری و سڕکردنی سەروەت و سامان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، ئاماژە بە گۆڕینی ناوی ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، کراوە بۆ ئەحمەد حوسێن شەرع.
ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق، کە هەردوو گرووپی سەربە ئێران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە، وەک هەنگاوێکی نوێ لە سیاسەتی عێراق بەرامبەر بە گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لێکدەدرێتەوە.