Zana Natık Kerem
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٢،٨ و ٣،٣ پلە بەپێوەری رێختەر لە قەزای خانەقین سەربە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق روویاندا.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە روانگەی بوومەلەرزانی سەربە دەستەی گشتیی کەشناسی رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٢،٨ و ٣،٣ پلە بەپێوەری رێختەر لە رۆژھەڵاتی قەزای خانەقین روویانداوە.
باس لەوەشکراوە کە دانیشتوانی شاری خانەقین و دەورووبەری ھەستیان بە بوومەلەرزەکان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، بوومەلەرزەکان زیانی گیانی و ماددەییان لێنەکەوتووەتەوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، دوێنێ دووشەممە، چوار بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٤،١ و ٢،٦ و ٣،٦ و ٣،٧ پلە بەپێوەری رێختەر، باشووری رۆژھەڵاتی قەزای خانەقین سەربە پارێزگای دیالە-یان ھەژاندبوو.