15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە حەوت تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق، دەستگیركراون.
لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا، حەوت تیرۆریستی داعشیان لە ژمارەیەك ناوچەی سنووری قەزای خورماتوو باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دەستگیركراوەكان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر، داواكراون.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان بەشدارییان لە چەندین كردەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەددین، كردووە.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە تیرۆریستییەكان دوای وەرگرتنی گوتەكانیان، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا رەوانەی لایەنی دادوەریی كراون.