Rewa Mahmood Hasan
25 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2021
سلێمانی-AA
مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا، چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هێرشیان كردبووە سەر هاووڵاتییەك، لێیاندابوو و چاوێكیان كوێركردبوو.
لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا، چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە هێرشیان كردبووە سەر هاووڵاتییەك، لێیاندابوو و چاوێكیان كوێركردبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە پاش ئەوەی بنكەی پۆلیسی سەرا ئاگاداركرایەوە لە بوونی رووداوێك لە نزیك باخی گشتی كە چوار تۆمەتبار هەڵیان كوتاوەتە سەر هاووڵاتییەكی تەمەن ٣٥ ساڵ و بەهەرچواریان لێیانداوە و دواتر بەرەو شوێنیكی نادیار هەڵاتبوون.
دوای رووداوەکە دەستبەجێ پۆلیس گەیشتۆتە شوێنی رووداوەكە و بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و بەپێی راپۆرتی پزیشكی دەركەوت کە بەهۆكاری لێدانەكە چاوێكی لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كراوە و بریندارەكە هیچ كام لە تۆمەتبارانی هەڵاتووی نەدەناسی بۆیە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەئەنجام گەیشتن لە لێكۆڵینەوەكان توانرا لە ماوەیەكی كەمدا، هەرچوار تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێن.
لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران ، (أ،م،م)،(ق،خ،خ)،(س،خ،ع) و (م،أ،س) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤١٢ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.