Sarmand Hameed
06 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2022
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردهوه، تیرۆریستانی داعش بە چەکی قەناس پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١٠ی پیادەیان داوە لە باشووری میحوەری پردێ، هێزەکانی پێشمەرگەش بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لەبارەی پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش لە میحوەری پردێ، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ ٥ی ئایاری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٢٠:١٠، لە سنووری میحوەری پێنجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، تیرۆریستان بە چەکی قەناس پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١٠ی پیادەیان داوە لە باشووری میحوەری پردێ".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێشمەرگە بەرپەرچی ئەو پەلامارەی تیرۆریستانیان داوەتەوە و لەو پەلامارەدا هێزەکانی پێشمەرگە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
پێشتر فەرماندەی لیوای ١٠ی هێزی پێشمەرگە، لیوا باپیر شێخ وەسانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو: "هێزەکانی لیوای ١٠ی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ باکووری پارێزگای کەرکووک وەڵامی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان دایەوە".
باپیر شێخ وەسانی ئاشكرایشی كردبوو، هێزەکانی پێشمەرگە ئەو پەلامارەی داعشیان تێکشکاندووه و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێشمهرگه هیچ زیانێکی گیانی بهرنهكهوتووه.