Rewa Mahmood Hasan
06 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، ئاماژە بە ئاماری گرتنی ئەو کەسانە دەکات کە بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە یاخود بەکاریان هێناوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی، ئاماری ئەمساڵی دەستگیرکردنی بەکارهێنەران و دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەری بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئاماری ئەمساڵ لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە تا یەکی کانوونی یەکەم ئاشکرا کرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، عەمید پشتیوان بەهائەددین رایگەیاند، ٩٩ کیلۆ و ٥٠٠ گرام حەب دەستی بەسەردا گیراوە کە لە دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەشیشدا بەکاردەهێنرێت.
عەمید پشتیوان بەهائەددین ئاشکرایکرد کە لە ماوەی رابردوودا، توانراوە ٢٣ کەس دەستگیر بکەن لە بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، عەمید پشتیوان بەهائەددین گوتی: "لە ماوەی ١١ مانگی ٢٠٢٠دا و لە سەرەتای ساڵەوە تا یەکی کانوونی یەکەم، ٢٥٧ پەڕاوی لێکۆڵینەوە بە فەرمانی دادوەر کراوەتەوە لەلایەن دادوەرەوە بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا، ٢٦٢ کەس زیندانی کراوە کە تا ئێستا ١٣٨یان لە زینداندا ماونەتەوە و ئەوانەی تر دوای رێکارەکان ئازادکراون و هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساغ نەبۆتەوە".
عەمید پشتیوان بەهائەددین ئاشکراشی کرد کە لەکۆی دەستگیرکراوەکان، هەشت کەس ئێرانی، چواریان عەرەب و ١٦یان لەڕەگەزی مێ بوون.