Zana Natık Kerem
12 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر لە پارێزگای بابل ناوەڕاستی عێراق، نووسینگەی مەرجەعی ئاینی شيعە، مەحمود سەرخی-یان سووتاند، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی ناوبراو داوای کردووە کە مەزارگەکانی شیعە لەو وڵاتە بروخێندرێن.
شایەتحاڵەکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان رايگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر دژبە لێدوانەکانی گوتاربێژی حوسەینییەی فەتحول موبین سەربە مەحمود سەرخی لە پارێزگای بابل کە دوای کردبوو مەزارگەکانی شیعە لە عێراق بروخێندرێن، رژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
ئاماژەیان بەوەیش دا کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە بەو لێدوانانە، نووسینگەی مەرجەعی ئاینی شیعە، مەحمود سەرخی-یان لە پارێزگای بابل سووتاند.
شایەتحاڵەکان باسیان لەوەشکردووە کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە ھێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە سووکایەتیی بە رەمزە ئاینییەکان دەکەن.
لای خۆیەوە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل، بڕیاریدا سەرجەم بارەگا و حووسەینییەکانی سەربە مەحمود سەرخی لە پارێزگاکە دابخرێن.
ھەر لەوبارەیەوە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند کە ھێزەکانی سەربە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای بابل ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە لە رێگای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوای رووخاندنی مەزارگە ئاینییەکانی کردووە.
مەحمود سەرخی کە لایەنگری زۆری لە پارێزگاکانی باشووری عێراق ھەیە، بەو ناسراوە کە بە دەربڕینی راوبۆچوونەکانی رەخنەی توند لەو پارتانە دەگرێت کە لە دوای ٢٠٠٣وە حکومڕانی عێراق دەکەن، ھەروەھا ھەڵوێستەکانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعە، عەلی سیستانی رەتدەکاتەوە، بەتایبەتیش راگەیاندنی جیھادی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ٢٠١٤.