11 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2020
بەغدا - AA
ئەفسەرێک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە سوپای ئەمریکا، سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی لە بنکەکانی عەین ئەسەد لە پاریزگای ئەنبار و حەریر لە پارێزگای هەولێر کاراکردووە.
ئەو ئەفسەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد "سیستەمی پاتریۆت سەربە سوپای ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی حەریر لە پارێزگای هەولێر کاراکراون".
گوتیشی: "چاوەڕان دەکرێت سیستەمی دیکەی بەرگریی پاتریۆت لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و بنکەی تاجی لە باکووری بەغدا دابندرێت".
هاوکات رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکى-یش بڵاویکردەوە کە کاراکردنی سیستەمی پاتریۆت لە عێراق، ئامانجی لێی پاراستنی گیانی سەربازانی سوپای ئەمریکایە لەناو ئەو بنکانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا هێرشی مووشەکیان کراوەتە سەریان.
ماوەی چەند هەفتەیەکە هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دەستیکردووە بە چۆڵکردنی بنکەکانیان لە عێراق، هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، چۆڵکردنی ئەو بنکانە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژبە داعشە لە عێراق .