Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند كە دوو ناوەندی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا و هەولێر دەكرێنەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ سێشەممە، سێیەم كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی سەربازی و كاری ئەمنی هاوبەش لەنێوان شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئەنجامدراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت بە ژمارەیەك پرس گفتوگۆكراوە لەوانە كاری ئەمنی هاوبەش بەدرێژایی هێڵی یەكلاكەرەوەی نێوان هێزەكانی فیدرال و هێزەكانی پێشمەرگە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەكان و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی بۆ چارەسەركردنی بۆشاییە ئەمنییەكان.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی دەست بكرێت بە كردنەوەی دوو ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش لە بەغدا و هەولێر و هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا رێككەوتن لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی لیژنەیەكی مەیدانی لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازیی بۆ هەڵسەنگاندنی تەحەدییەكانی ئەمنی بەپێی میحوەركان پێكبهێنن و نەخشەڕێگایەكیش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەدەییەكانی ئەمنی ئامادە بكەن".
باس لەوەشكراوە كە هەردوو شاندی حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەسەر ئەوەی بە هاوبەشی دەست بكەن بە كاری ئەمنی و سەربازیی لە كەرتی دیالە و دامەزراندنی ناوەندێكی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش، هەروەها لەسەر میكانیزمی كاری بازگەكان و خاڵەكانی پەیوەندی هاوبەش و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژبە تیرۆریستان رێككەوتن.
ئەمڕۆ سێشەممە شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، گەیشتبووە بەغدا.