Heman Hussein Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی دەڤەری راپەڕینی کرد و بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیەی دانا و چەند پڕۆژەیەکی دیکەیشی راگەیاند.
پڕدی دەربەندی رانیە بە گوژمەی ١١ ملیار و ٣٨٧ ملیۆن دینار ئەنجام دەدرێت کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییانی دەڤەری راپەڕین دەکات و لە رووی بازرگانیشەوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ جووتیارانی ناوچەکە بەتایبەت بۆ گواستنەوەی بەروبوومەکانیان و گەیاندنیان بە بازاڕەکان.

جگە لە دانانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی چەند پڕۆژەیەکی دیکەیشی لە سنوورەکە راگەیاند کە بریتیی بوون لە:
نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دەڤەری راپەڕین بە گوژمەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، دروستکردنی شەقامی ٦٠ مەتری قەڵادزێ بە گوژمەی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینار، دروستکردنی شەقامی جووتسایدی بازاڕی رانیە بە گوژمەی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار و دروستکردنی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک بە گوژمەی یەک ملیار و ٦٨ ملیۆن دینار.