Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سوپای عێراق رایگەیاند كە لە هێرشێكی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك، حەوت پۆلیسی فیدرال كوژراون و بریندرابوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیەندراوێكی سەبارەت بەو هێرشە بڵاوكردەوە كە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كرایە سەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئێوارەی دوێنێ دووشەممە تیرۆریستانی داعش، هێرشیانكردووەتە سەر هێزەكانی پۆلیسی فیدرال لە سنووری قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك".
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی هێرشەكەدا، چوار پۆلیسی فیدرال كوژراون و یەك ئەفسەری پۆلیسی فیدرال و دوو پۆلیسی دیكە برینداربوون.
پێشتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان/كەركووك، فەریق روكن سەعد حەربیە لە لێدوانێكیدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی چاودێری سەربە هێزی پۆلیسی فیدرالی لە سنووری قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك و لە ئاكامدا، دوو پۆلیسی كوژران و پێنجی دیكەش برینداربوون.
رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، بەتەواوی پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنباری داگیركرد لەگەڵ بەشێكی پارێزگاكانی دیالە و كەركووك كە دواتر لە ماوەی چەند ساڵێكدا لە دەست ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە رزگاركران.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاند.
سەرەڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعش-یان لە ناوچەكان شكستپێهێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە ناوچەكانی سەربە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.