Rewa Mahmood Hasan
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
بەبۆنەی رۆژی مامۆستایانی کوردستان کە رێککەوتی شەشی تشرینی یەکەم و رۆژی جیهانی مامۆستایان کە هەموو ساڵێک لە پێنجی تشرینی یەکەمدا یادی دەکرێتەوە، مامۆستایانی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست.
ئەمڕۆ شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ژمارەیەک مامۆستا لە شاری سلێمانی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم یەکێتی مامۆستایانیی کوردستان لقی سلێمانی ئەنجامدا.
سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانیی کوردستان، دڵشاد مەجید لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:
"ئێمە بۆ پیرۆزکردنی رۆژی مامۆستایان سەردانی یەکێتی مامۆستایانمان کرد و لەهەر چوار پارێزگاکە بەیاننامەیەکمان بەرزکردەوە کە تیایدا، دووخاڵی زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ ئەم قۆناغە، ئەویش دابینکردنی مووچەی مامۆستایان لە هەر ٣٠ رۆژ جارێکدا بەبێ لێبڕین، دووەمیشیان کارپێکردنەوەی سیستەمی بەرزکردنەوەی پلەبەندی مامۆستایانە بەپێی ساڵی خزمەت. ئێمە لە رابردوودا چەندین جار ئەو داواکاریانەمان بەرزکردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە گوێمان لێنەگیراوە، هەربۆیە ئەمڕۆ بۆ پیرۆزکردنی ئەم رۆژە و زیاتر خزمەتکردن بە رەوشی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا لە شاری سلێمانی ئەو مەرجانەمان داناوە کە ئەگەر جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ئێمە تا پێنج رۆژ دوای ئەو وادەیەی وەزارەتی پەروەردە دیاری کردووە بۆ کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان کە دەکاتە ١٠ی تشرینی یەکەم، بڕیارمان داوە کە دەوام نەکەین".
دڵشاد مەجید راشیگەیاند کە ئەگەر بێت و تا ئەوکاتە، حکوومەت هیچ وەڵامێکی نەدانەوە ئەوا بڕیاری تریان دەبێت.