Zana Natık Kerem
13 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند کە شاندی ئەمنیی عێراق لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ شاری شنگال لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیس، بەرپرسانی ئەمنی شارەکە و سەرۆکھۆزەکانی قەزای شنگال کۆبوونەتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق (ina.iq) گوتی: "شاندێکی ئەمنیی عێراق بەسەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و بە یاوەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ و فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری شنگال، سەردانی شارەکەی کردووە".
لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەیشداوە کە شاندە ئەمنییەکەی عێراق لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ شنگال لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیس، بەرپرسانی ئەمنی شارەکە و سەرۆکھۆزەکانی قەزای شنگال کۆبوونەتەوە و گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بەو کێشەوگرفتانەی کە لە شاری شنگال بوونیان ھەیە، گفتوگۆکراوە".
گوتیشی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیکردن و ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە شنگال رەوانەی شارەکە دەکات".