Sarmand Hameed
29 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەیاوەری شاندێکی حکوومی لە بەغداوە بەرەو بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا بەڕێکەوت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا کازمی بەیاوەری شاندێکی حکوومی لە بەغداوە بەرەو بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا بەڕێکەوت کە بارەگای سەرەکی یەکێتیی ئەورووپا لە وڵاتەیەدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بڕۆکسل لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەلجیکا و یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبێتەوە و لە میانیدا تاوتوێی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا دەکات.
مستەفا کازمی بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ بڕۆکسل، رایگەیاند، لە میانی سەردانەکەیدا بەچڕی باس لە کاراکردنی ئەو رێککەوتننامانە دەکات کە لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپادا واژوو کراون کە یارمەتیدەر دەبن بۆ عێراق لە تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووریی و فراوانکردنی وەبەرھێنان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایشی کرد کە وڵاتەکەی ساڵانە رووبەڕووی کەمی تەزووی کارەبا دەبێتەوە و حکوومەتیش ھەستی پێکردووە و بۆ ئەمەش ژمارەیەک رێکار دەگرنەبەر.
کازمی گوتی: "لە ماوەی ئەمساڵدا چوار وێستگەی گەورەی بەرھەمھێنانی تەزووی کارەبامان کردووەتەوە و خواستی کردنەوەی وێستگەی زیاتریشمان ھەیە لە مانگەکانی داھاتوودا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە کە بەرھەمھێنانی تەزووی کارەبا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەماوەی دەیەکانی رابردوودا بەڵام ھێشتا ئاستەنگی زۆر گەورە ھەن، ھێشتا پێویستمان بە کاری جیددیە بۆ گەیشتن بە ئاستی دەستبەرکردنی شایستەکانی گەلەمان و مافەکانیان لەنێویاندا دەستەبەرکردنی وزە.
مستەفا کازمی وەک رەخنەیەک لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق گوتی: "قەیرانی کارەبا بەھۆی پلانی خراپ بووە لەو بوارەدا لەگەڵ بەھەدەردانی سامان و وزە لە چەند ساڵی رابردوو بەبێ بوونی پلانێکی روون بۆ چارەسەرکردنی درێژمەودا".
گوتیشی: "ئەم حکوومەتە میراتی خراپی پلانی لە بواری وزەدا بۆ ماوەتەوە، و لە ماوەی ساڵێکدا کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی وەبەرھێنان لە وزەی کارەبادا لەگەڵ کاراکردنی وەبەرھێنانی غاز لە عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ کارپێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبامان کە زۆرینەیان بە غاز کار دەکەن، کە بەھۆی بێ پلانی لە رابردوودا لەگەڵ نەتوانراوە بەکاربخرێنەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەتایبەتی باس لەو بوارەدا دەکات لەگەڵ بوارەکانی ئابووریی و ئەمنیی و سیاسیی.
ئەم گەشتەی مستەفا کازمی بە دووەم گەشتی ناوبراو بۆ ئەورووپا لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو دادەنرێت، دوای ئەوەی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو سەردانی هەریەک لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیای کرد.