Sarmand Hameed
22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکاوە دەستبەجێ لە بەغداوە سەردانی پارێزگای بەسڕە باشووری عێراقی کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن گەیشتنەوەی بۆ بەغدا، سەردانی پارێزگای بەسڕەی کرد.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، هەریەک لە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و سەرۆژی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بریکاری وەرزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی یاوەری کازمی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای بەسڕە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتە روو کە ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرا و شاندی یاوەری ئاگاداربوونە لە رەوشتی ئەمنی شارەکە.
ئەم سەردانەی کازمی بۆ بەسڕە هاوکات لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانەی چەند رۆژێکە لە پارێزگاکە بەڕێوەدەچن ئەمەش دوای ئەوەی چەند چالاکوانێکی مەدەنی لە شارەکە کوژران.
دوێنی خۆپیشاندەران لە پارێزگای بەسڕە ئاگریان لە باڵەخانەی نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگاکە بەردا و ٧٣ کاتژمێر مۆڵەتیان بە پارێزگاری بەسڕە، ئەسعەد عیدانی دا تاوەکو دەستلەکاربکێشێتەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، چالاکوانی مەدەنی تەحسین ئوسامە لە شوێنی کارەکە لە شاری بەسڕە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژران و دوێنی چوارشەممە چالاکوانی خۆپیشاندانەکان، ریهام یەعقوب و ئافرەتێکی دیکەی یاوەری کوژران و چالاکوان فەلاح حەسەناوی و دەستگیرانەکەی لە دوو هێرشی جیادا لە هەمان شار کرانە ئامانج.
دوای ئەو رووداوانە و بەدیاریکراوی رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی هەریەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی لە بەسڕە و فەرماندی پۆلیسی شارەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
لەوەتەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، دەیان چالاکوانی مەدەنی تیرۆرکراون.