Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە دوای سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سەعدی ئەحمەد پیرە سەرەتا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان چووە سەر پرسی پارێزگاری كەركووك و دوایین هەوڵەكان بۆ دانانی پارێزگار و گوتی: "دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك بە تەنها بە یەكێتی و پارتی ناكرێت و پێویستی بە بوونی زۆرینەیەك هەیە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە رەنگە ئەو زۆرینەیەش بەدەست نەیەت و لە دوای ئەوەیش پێویستی بە رەزامەندی حكوومەتی عێراق و دەركردنی فەرمانی دەستبەكاربوونی ئەو پارێزگارە هەیە" .
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "بابەتی رێکكەوتن لەگەڵ پارتی بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك تەنها بۆ ئەوەیە پارتی دژ نەوەستێتەوە و خراپەكاری نەكات لەو بابەتەدا و ئەگەر پێكەوە رێكنەكەوتینایە دەیانتوانی رێگری دروست بكەن، ئەگەرنا یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە تەنها بە پارتی و یەكێتی ناكرێت و پێویستی بەوەیە لەگەڵ لایەنەكان و حكوومەتی عێراق و لە رێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان یەكلایی بكرێتەوە".
سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە پرسی كۆنگرەی ناوخۆی حزبەكەشی رایگەیاند کە لە ماوەی رابردوودا بە بۆنەی كۆچی دوایی سكرتێری گشتی حزبەكە، جەلال تاڵەبانی و شەڕی داعش و دۆخی ئابوورییەوە سازدانی كۆنگرە دواخراوە، بەڵام لەئێستادا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ دواخستنی كۆنگرە و هەموو سەركردەكانی حزبەكەش باسی كۆنگرە دەكەن و بڕیاری مەكتەبی سیاسی دەرچووە بۆ بەستنی كۆنگرە لە ساڵی 2019دا و گوتی:
"وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بەسەرچووە و پێویستە كۆنگرە بگیرێت، بەڵام كۆنگرە نابێت وەك ئەوەی ئێستا یەكێتی دەیكات و ئەوەندەی لەسەر باس دەكات و ئەوەندەی قسە لەسەر دەكات وەك ئەوەی شتێكی گرنگ بێت، لەكاتێكدا كۆنگرە لە ئامرازەوە كراوەتە ئامانج لەناو یەكێتی، ئەوەیش تەنها یەكێتی خۆی وای لێكردووە، كۆنگرە ئامرازە و نوێكردنەوەی سەركردایەتی حزبەكەیە و بۆ بەرەوپێشچوون و نوێكردنەوەی بەرنامەی خۆیەتی، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە هەر لایەنێكی بیانیش سەردانمان دەكات هەر باسی كۆنگرە دەكات".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "كۆنگرە مەكتەبی سیاسی بڕیاری لێدەدات و سەركردایەتیش تەسدیقی دەكات، هەیئەتی هەیە و ئەوراقەكانی كۆنگرەش بەشێكی ئامادەیە و بەشێكی تری پێویستە ئامادە بكرێت، بڕیارێكی مەكتەبی سیاسییە كە ساڵی 2019 كۆنگرە دەگیرێت تەنها ماوەتەوە كە رۆژەكەی دیاری بكرێت و لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردایەتی بەپرس و راوێژ لەگەڵ مەڵبەندەكان دەكرێت".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە بارەی ئەركی كۆنگرە و گۆڕانكارییەكان لە بارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە لە دوای تاڵەبانی دوا و گوتی: "ئەركی ئەو كۆنگرەیە دانانی بەرنامەیەكی رێكوپێك بۆ چەند ساڵی داهاتوو دەبێت، هەروەها نوێكردنەوەی سەركردایەتی و هێنانە پێشەوەی ژمارەیەك لە گەنجەكان كە شایستە و پێگەیشتوون.
كۆنگرە بڕیاڕ لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەدات لە داهاتوودا، لەئێستادا چەند پێشنیارێك لەو بارەیەوە هەیە بەوەی وەك خۆی بمێنێتەوە لە سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و تا دواتر، پێشنیارێك هەیە بەوەی سەرۆك هەبێت، پێشنیارێك هەیە بەوەی سكرتێر و چەند جێگرێكی هەبێت، ئەو پێشنیارانە دەخرێنە بەردەم كۆنگرە و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت".
بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێكدا و لە بارەی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا ئاماژەی كرد بەوەی بە هەوڵی بەرپرسانی حزبەكەی و لایەنە پەیوەندیدارەكان پەیوەندییەكان لە دوای داخستنی نووسینگەی یەكێتی لە ئەنقەرە ئاسایی بووەتەوە و ئێستا لە گفتوگۆدان بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیە.