Fakhradin Ibrahim Mohammad
29 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2020
بەغدا- AA
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ باڵێوزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر کۆبوونەوە.
لەم بارەیەوە نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە کە ھەردوولا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی بەغدا و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ناوەند و ھەرێم گفتوگۆیان کردووە.

ئێوارەی دۆینێ سێشەممە، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و هەریەکە لە وەزیری دارایی، ئاوات شێخ جەناب و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح بە مەبەستی دیالۆگ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، سەردانی بەغدای کرد.
هەردوو لا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ناوەند و ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق گفتوگۆیان کردووە.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی، بۆ باڵیۆزی ئەمریکا روونیکردووەتەوە کە لەسەر بنەمای دەستوور و لە بەردەوامی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو، بەمەبەستی کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و ناوەند سەردانی بەغدایان کردووە.
هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقەوە بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، رایگەیاندووە کە کورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێک دەبن لەچارەسەر لە پێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق و باشترکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا.