Azad Mohammed Abdullah
24 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2019
هەولێر- AA
بەڕێوەبەرى ناحییەى سنونێ نایف سەیدۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ئەنجامى شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارانى داعش و پێشمەرگەکانى فەرماندەی فەرماندەیی شنگال پێنج چەکدارى داعش کوژران و دوو چەکدار خۆیان تەقاندەوە و چەکداریش بەدیل گیرا لە ئێستادا دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە".
گوتیشى: "هێرشەکەى داعش لە خانا شەهوانی( کارگەى چیمەنتۆى شنگال) ئەنجامدرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکى گیانى بە هاووڵاتییانى شنگال نەگەیشتووە، بەڵام ترس و دوو دڵى جارێکى دیکە باڵى بەسەر ناوچەکەدا کێشا".
بەڕێوەبەرى ناحییەى سنونێ بەبێ ناوى هیچ گرووپێکى چەکدارى بهێنێ دەڵێت "گرووپە چەکدارە بیانییە نادەستوورییەکانى سنوورى شنگال بەرپرسن لە رێگەخۆشکردنى چەکدارانى داعش بۆ شنگال، ئەمە جێگەى قبووڵ کردن نییە و داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق دەکەین کار بکەن بۆ ئاسایی کردنەوەى دۆخى ئەمنى و کارگێڕى شنگال".
پێنج ساڵ پێش ئێستا لە ئابى ساڵى ٢٠١٤ لە هاوینێکى وەکو ئێستا داعش پەلامارى شنگالیدا و لە ئەنجامدا هەزاران ئێزدى بەدیل گیران و کوژران و بریندار کران، تا ئێستاش چارەنووسى ژمارەیەک کچ و ژنى ئێزدى نادیارە. هەر لەو کاتەوە ژمارەیەک چەکدارى پەکەکە بە بیانووى پاراستى شنگال خۆیان گەیاندنە ناوچەکە و تا ئێستا لە شارەکە ماون و وێڕاى چەندین داواکارى لەلایەن ئیدارەى قەزاکە و هاووڵاتییانى سنوورەکە کەچى تا ئێستا چالاکى لە ناوچەکە ئەنجام دەدەن.