21 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
خۆپیشاندەرانی عێراق وەک فشارێک بۆسەر پارتە دەسەڵاتدارەکان تا پەلە بکەن لە کاندیدکردنی کەسێکی سەربەخۆ بۆ سەرۆکوزەیرانی داهاتوو لە دوێنێ دووشەممەوە رێگا، شەقام و پردەکانیان لە نۆ شاری باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، داخستووە کە تا ئێستا درێژەی هەیە.
دوێنێ دووشەممە ئەو مۆڵەتەی کە خۆپیشاندەران بەئامانجی دەستنیشانکردنی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت وسزادانی بکوژانی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان پێشکەش بە حکوومەتی کاربەڕێکەر و پارتە دەسەڵاتدارەکانیان کردبوو، کۆتایی هات.
بۆیە خۆپیشاندەران بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان لە دوێنێ دووشەممەوە دەستیانکردووە بە داخستنی رێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگا و شارو شارۆچکەکان کە بەهۆیەوە رێگای هاتوچۆ لە ناوەڕاست و باشووری عێراق پەکخراوە.
لەوبارەوە چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی کەربەلا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە خۆپیشاندەران دەراوزە و شەقامەکانی ناوەڕاستی کەربەلا-یان داخستووە.
هاوکات پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە لە دوێنێ دووشەممەوە رێگای خێرا لە زیقارلە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە کە تا ئێستا بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە خۆپیشاندەران رێگای سەرەکییەکانیان لە بەسرە بە تایبەتیش ئەو رێگایانەی کە دەچن بۆ بەندەرەکانی ئوم قەسر و خور زوبێر داخستووە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ناوەڕاستی بەسرە رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویداوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو پێشهاتانە، هێزێکی زۆری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پۆلیس و سوپا لە شار شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوور بڵاوکرانەوە.
پێشتر سەرچاوە پزیشکییەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاندبوو کە لەمیانی رووبەڕووبوونەوە پێکدادانەکانی دوێنێ دووشەممەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا، چوار خۆپیشاندەر و دوو کارمەندی ئەمنی کوژراون.