02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
كەسوكاری ئەو خۆپیشاندەرانەی كە لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق كوژراون، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان کرد، بکوژانی رۆڵەکانیان دادگایی بکرێن.
میدیاکانی خۆجێی بڵاویانکردەوە، خۆپێشاندانەکە لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ئەنجامدراوە کە لە میانیدا خۆپیشاندەران داوایانکردووە، ئەو کەسانەی بەرپرسن لە کوژرانی خۆپیشاندەرانی ناسرییە، دادگایی بکرێن.
بەپێی میدیاکان، خۆپیشاندەران هەروەها داوایانکردووە، بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگەکان لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە، خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبایان بۆ دابین بکریت و دەرفەتی کاریان بۆ برەخسێندرێت.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە هەڵبکوتنە سەر باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگا.
لە میانی مانگی تشرینی یەكەم تا مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو لەسەر پردی زەیتون ناوەڕاستی شاری ناسرییە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە، ٤٥ خۆپیشاندەر كوژران و ١٠٠ی دیكەیش برینداربوون.