Kasım İleri
12 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
واشنتۆن - AA
لە ئاکامی ھێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدا کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدا جێگیرکراون، دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەک کوژران و ١١ سەربازیش برینداربوون.
گوتەبێژی هێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، مایلس کاگینس رایگەیاند کە "ھێزەکانی ھاوپەیمانان پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە ئەمڕۆ ١١ی ئادار کاتژمێر ٠٧:٣٥ بە کاتی ناوخۆیی، بە ١٥ مووشەکی بچووک ھێرشکراوەتە سەر کەمپی تاجی کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تێدا جیگیرکراوە. لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندن لەبارەی ھێرشەکە درێژەی ھەیە".
کاگینس ھیچ زانیارییەکی لەبارەی زیانی گیانی ھێرشەکە ئاشکرا نەکرد. بەڵام چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکانی ئەمریکا ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەک کوژراون و ١١ سەربازیش برینداربوون.
ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە ھێرشەکە بە مووشەکی کاتیوشا ئەنجامدراوە و سەرنجیشیان بۆ ئەوە راکێشاوە کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەکی لەم جۆرەی نییە و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ئەم ھێرشە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێران ئەنجام درابێت.