11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2020
كه‌ركووك - AA
له پارێزگای دیاله رۆژهەڵاتی عێراق، دوو كه‌س كه تووشی جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) ببوون، دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر و چاكبوونه‌وه‌یان نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای دیاله‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه كه دوو توشبووی كۆرۆنا، دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر به‌پێی دوایین پشكنینه‌كان به‌ته‌واوی چاكبوونه‌ته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه ئه‌و دوو توشبووه نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه، ئه‌و پێشهاتەش بۆ دانیشتوانی سنووری پارێزگای دیاله زۆر گرنگه و رێوشوێنی جددی گیراوه‌ته‌به‌ر له‌باره‌ی به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه.
له ئێستادا له پارێزگای دیاله یه‌ك توشبووی كۆرۆنا هه‌یه كه له‌ژێر چاره‌سه‌ردایه.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له شاری كه‌ربه‌لا كه‌سێكی دیكه به‌هۆی كۆرۆناوه گیانی له‌ده‌ستدا، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌و ڤایرۆسه له عێراق گیانیان له‌ده‌ستداوه به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ هه‌شت كه‌س.