Zana Natık Kerem
12 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
لە چوارچیوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ میسر، ھەردوو وڵات ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی دارایی، بازرگانی، گەشتوگوزار، پەرەپێدان بە کارگێڕی و دیپلۆماسی واژوو دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانیکی فەرمی گەیشتە میسر.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی بە گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاھیرە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی میسر، مستەفا مەدبولی پێشوازی لێکراوە.
راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەمیانی سەردانەکەی بۆ قاھیرە لەگەڵ سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغێت کۆدەبێتەوە.
باسی لەوەیش کردووە، ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی چاوی بەو عێراقییانە دەکەوێت کە لە میسر نیشتەجێن.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە چوارچیوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ میسر، ھەردوو وڵات ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی دارایی، بازرگانی، گەشتوگوزار، پەرەپێدان بە کارگێڕی و دیپلۆماسی واژوو دەکەن.