Zana Natık Kerem
31 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بە ئامانجی کڕینی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا تەرخانکردووە.
گوتەبێژی ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، حەیدەر مەجید لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بە ئامانجی کڕینی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا تەرخانکردووە.
حەیدەر مەجید راشیگەیاندووە کە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەکە بۆ کڕینی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا لەسەر پێشنیازەی وەزیری تەندروستیی و ژینگەی عێراق، حەسەن تەمیمی کە لە ٢٣ی ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشکەشیکردبوو، تەرخانکراوە.
پێشتر ئەندامی لیژنەی تەندروستیی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن خەڵاتی رایگەیاندبوو کە لە مانگی شوباتی داھاتوودا، وەک کاروانی یەکەم یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار ژەم ڤاکسینی ڤایزەر- بایۆنتێک دەگاتە عێراق.
ئەمەیش لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٦١٨ ھەزار و ٩٢٢ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەوە ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٩٠ ھەزار و ٨٥٧ی دیکەیش چاکبوونەتەوە.