Zana Natık Kerem
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رێبوار هادی رایگەیاند كە یەكلاییكردنەوەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا، پەیوەستە بە لێكتێگەیشتنە سیاسییەکانەوە.
رێبوار هادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دابەشكردنی بازەنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا و ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور نەداوە و گوتی: "دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا و ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور، كاریگەری لەسەر كورسییەكانی پێكهاتەكان دەبێت".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە كە گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك و گوتی:
"سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران دوو رۆژی وەك مۆڵەت داوە بە فراكسیۆنەكان تا دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا تەواو بكەن".
رێبوار هادی جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی كە یەكلاییكردنەوەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا، پەیوەستە بە لێكتێگەیشتنە سیاسییەکانەوە.
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تەها ئەحمەد ئەمین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا راگەیاند كە هێشتا ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشكی پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا، سەبارەت بە دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان نەگەیشتوون بە رێككەوتن و گوتی:
"فراكسیۆنە كوردییەكان بەردەوامن لە گفتوگۆكردن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی عەرەبی و توركمانی بە ئامانجی یەكلاییكردنەوەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناكۆكان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بە رێككەوتنی كۆتایی".
ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی رۆژی شەممەی رابردوودا، بە زۆرینەی دەنگ بازنەكانی هەڵبژاردنی لە 16 پارێزگا جگە لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا، پەسەند كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران ساز دەكرێت كە لە میانیدا چاوەڕوان دەكرێت دەنگ لەسەر بازنەكانی ھەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا بدرێت.