Zana Natık Kerem
15 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2023
ھەولێر – AA
ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند کە لە ئێستادا، عێراق چیتر پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە، چونکە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوانن ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کۆبووەتەوە و تیایدا دواپێشھاتە ئەمنیەکانی وڵات تاوتوێ کراوە.
لیوا ڕەسوڵ راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەردانی شاندی باڵای ئەمنی عێراق کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگریی، سابت عەباسی بۆ واشنتۆن ئەنجامدرا، خراوەتە بەرباس.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بە پێداچوونەوە بە گفتوگۆی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا کراوە کە تایبەتە بە ھاریکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنییدا، ئەوەیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیجیی کە پەیوەندی داھاتووی نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خستووەتەڕوو و لەوبارەیەوە شاندی عێراق لە سەردانەکەیان بۆ واشنتۆن ئەوەیان بۆ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دووپات کردووەتەوە کە چیتر عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە، چونکە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەتوان ئاسایش و سەقامگیری وڵات بپارێزن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕێککەوتنێکی پەسەند کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، عێراق و ئەمریکا لیژنەیەکی باڵای ھاوبەش لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکدەھێنن، بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی گفتوگۆی ھاوبەشی نێوانیان جێبەجێ بکەن.
رۆژی ٧ی ئەم مانگە وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی بەیاوەری شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لۆید ئۆستن و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکە ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
ئەو کات وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەکانی نێوان سابت عەباسی و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لەسەر گرنگی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئەمنییدا کراوەتەوە، ئەوەیش لەسەر بنەمای گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن.
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە لە کۆبوونەوەکانەدا، شاندەکەی عێراق و بەرپرسانی عێراق، پابەندبوونی وڵاتەکانیان بە ڕێککەوتنامەی ستراتیجی ساڵی ٢٠٠٨ دووپات کردووەتەوە کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی مەشق و راھێنان، راوێژ، یارمەتییدان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگریی لەنێوان ھێزەکانی ئەمریکا بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ھەروەھا ڕێککەوتوون کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان بەغدا و واشنتۆن، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنیدا پتەوتر بکەن.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا ئەو بڵاوکرایەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە ئامانجی زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سێ ھەزار سەربازی دیکەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.
- ڕێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا
ڕێککەوتنی ئەمنی یان ڕێککەوتنی ستراتیجی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە سەرەمی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، جۆرج بۆش لە نێوان بەغدا و واشنتۆن واژوو کراوە.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە ڕووی سەربازی و ئابووری ڕێکخراوە.
ھاوکات لە ساڵی ٢٠٢١ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەفەرمی کۆتاییھاتنی رۆڵی شەڕکەری ھێزەکانی لە عێراق راگەیاند و بەڵێنی بەردەوامی پشتیوانیی کردنی ھێزەکانی ئەو وڵاتەی لە بەرامبەر ھەڕەشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دا.
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاریی نەکراوە، چونکە ھێشتا عێراق بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، پێویستی بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە.
لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
ــ ئەمریکا هێزی زیاتری ڕەوانەی بنکەکانی لە پارێزگای دێرازۆر لە سوریا کرد
سوپای ئەمریکا کاروانێکی هاوکاریی سەربازیی و لۆجیستیکی کە لە ٥٠ ئۆتۆمبێڵ پێکهاتبوون لە عێراقەوە ڕەوانەی بنکە و خاڵە سەربازییەکانی لە پارێزگای دێرازۆر لە سووریا کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە دەستی کەوتووە، دوێنێ یەکشەممە، کاروانی هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە دەروازەی سنووری وەلید لە عێراقەوە رەوانەی سووریا کراون و گەیشتوونەتە حەسەکە.
ئەو کاروانە سەربازییەی ئەمریکا کە لە ٥٠ زرێپۆش، تانک و بارهەڵگری سەربازیی پێکهاتبوون لە حەسەکەوە، چوونەتە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگە نەوتییەکانی کۆنیکۆ و ئەلئۆمەر لە ناوچەکانی داگیرکراو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە لە پارێزگای دێرازۆر.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی لە تشرینی یەکەم ٢٠١٩، ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە چۆڵ کرد و گرنگی دا بە جێگیربوون لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان.
هێزەکانی ئەمریکا کە بەردەوامی دەدەن بە پشتیوانییەکانیان بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە ئێستا لە چەندین بنکە و خاڵی سەربازیدا جێگیر بوون لەو ناوچانەی پارێزگاکانی حەسەکە، رەقە و دێرازۆر کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستییەوە داگیر کراون.
ئەمریکا بەردەوام کاروانی هاوکارییەکانی بۆ ئەو بنکە و خاڵە سەربازییانەی رەوانە دەکات کە لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکاندان و لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگەوە داگیر کراون.