Zana Natık Kerem
16 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2023
ھەولێر – AA
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف رایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێبەجێ کردووە، بۆیە ئێستا ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵیی پشکی ھەرێم لە بوودجەدا نەنێرێت.
دوێنێ یەکشەممە، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ناردنی پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتییدا لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی کۆبووە.
لەوبارەیەوە ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی داوای کردووە کە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، خەرج بکرێت و دوا نەکەوێت".
هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندەکانی چاودێری دارایی ھەردوو حکوومەتی فیدراڵیی و ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی وردبینی و پاکتاوکردنی حیساباتی مانگەکانی رابردوو کە خۆی لە قەرز، خەرجی و داھاتەکان دەبینێتەوە، لە ھەولێر و بەغدا کۆبوونەتەوە، ھەروەھا ھەردوولا کۆنووسی ھاوبەشیان نووسیوەتەوە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی نێوانیاندا، تاوتوێ بکەن.
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بوودجەی گشتیی جێبەجێ کردووە، بە تایبەتی ئەوەی کە پەیوەستە بە ڕادستکردنی ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بە کۆمپانیای سۆمۆ و گوتی: "ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە کە چۆن کۆمپانیای سۆمۆ ئەو ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتەی ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکات".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەیش کرد کە بڕیارە لەو ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتەی ھەرێم، ٥٠ ھەزار بۆ ٦٠ ھەزار بەرمیلی لەناوخۆی عێراق ساغ بکرێنەوە.
لەئێستادا ھەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی سەرجەم داھاتە نانەوتییەکان لەلایەن ھەرێم بە حکوومەتی فیدراڵیی، ھەروەھا حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ھەرێمی کار دەکەن ناکۆکن و لەوباریەوە حکوومەتی عێراق داوا دەکات کە بەپێی گرێبەستی کۆمپانیا ناوخۆییەکان، حکوومەتی ھەرێم حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای کردووە، حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ھەرێمی کار دەکەن بەپێی تەندەرەکانی رێگەپێدان کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە کۆمپانیا بییانییەکانی داوە، خەرج بکرێت.
نەرمین مەعروف رایگەیاند کە لەئێستادا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی، بە ھاوبەشی لیژنەیەکی تەکنیکیان، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو پرسانە پێکھێناوە.
ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەیشدا، بەو پێیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا جێبەجێ کردووە، بۆیە ئێستا ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵیی پشکی ھەرێم لە بوودجەدا نەنێرێت.
نەرمین مەعروف گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، پشکی ھەرێم لە یاسای بوودجەدا بنێرێت، بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دوا نەکەوێت و لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت".
ھەرچەندە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەدا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە خەرج نەکراوە.
یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کە لە یەکی مانگی تەمووزی ڕابردووە کەوتە واری جێبەجێکردن بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق لەم ساڵانەدا، بە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینار.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێویستی بە ٩١٢ ملیار دینار ھەیە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵیی بۆ مانگی حوەزیرانی ٢٠٢٣، تەنھا ٥٩٨ ملیار دیناری بۆ ھەرێم ناردبوو کە ئەوەیش نیگەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.