Sarmand Hameed
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە وزەی كرد و لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی گرفتەكان گفتوگۆ كرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا کە وەزیری كارەبا، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و بریكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی سەرنجەكانی خۆی خستەڕوو لەبارەی ئەنجامی بەسەركردنەوەی فەرمانگەی كارەبای سلێمانی و باسی لەوەكرد خەڵك بەرچاویان روون نییە لەبارەی قەرزەكان و وردەكارییەكانی پێوەری زیرەك و میكانیزمەكانی كاركردنیش لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا نین و پێویستە چاكتر بكرێن.
لەمبارەیەشەوە بڕیاردرا دەوامی وەزارەتی كارەبا ڕێكبخرێتەوە بەتایبەت فەرمانبەرانی دابەشكردنی پسوولە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوەكرایەوە کە وەزارەتی كارەبا هەموو توانایەك بخاتەگەڕ بۆ زیادكردنی ئاستی پێدانی وزەی كارەبا بە هاووڵاتییان و باشتركردنی رێوشوێنەكانی بژاردنی قەرزەكانی هاووڵاتییان بەجۆرێك بێت بتوانن بیگێڕنەوە و لۆدی زۆری سەر فەرمانگەكانی كارەبا دابەش بكرێت و كەم بكرێتەوە.
لەبارەی نرخی بەنزینەوە گفتوگۆ لەبارەی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخەكەی كرا كە كەمبوونەوەی هاوردەیە بەتایبەت هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر هەیە، جگە لەمەش نرخەكەی لەسەر ئاستی جیهان بەرز بووەتەوە.
لەمبارەیەشەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان راسپێردرا بەرچاوڕوونی زیاتر بداتە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.