Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، نەقیب حاتم جابری رایگەیاند كە دوو مووشەكی كاتیۆشا لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا كەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان نەبووە.
حاتم جابری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو مووشەكی كاتیۆشا كە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ئاراستە كرابوون لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، كەوتوونەتە خوارەوە".
باسی لەوەیش كرد كە كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكان هیچ زیانێكی گیانی و ماددەیان نەبووە.
ئاراستەكردنی دوو مووشەكەكە بۆسەر ناوچەی سەوز، هاوكاتە لەگەڵ ئەو سەردانەی كە ئەمڕۆ یەكشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بۆ بەغدا ئەنجامی دەدات.
ماوەی مانگێكە، بەردەوام هێرشی مووشەكی لەلایەن ئەو گرووپانەی کە لایەنگری ئێرانن بۆسەر ئەو ئامانجانە لە ئەنجامدەدرێت كە دیپلۆماتكاران و سەربازانی ئەمریكا تیایدان.
ئەو هێرشانە دوای ئەوەی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس لە سێی كانوونی دووەمی رابردوودا لە بۆردومانێكی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە بەغدا كوژران، زیاد بوون.
واشنتۆن كەتائیبەكانی "حزبوڵڵا" عێراق و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی نزیك لە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق تۆمەتبار دەكات.